ماڵه‌وه‌


کوردایەتیی کردنی بە فارسی کارێکی گەلێک گرینگ و پڕ بایەخە و بە هەمو کەس

ناکرێ. بارتەقای گرینگی ئەو کوردایەتییەی بە زمانی فارسی و لە نێو فارسەکان دا

دەکرێ ئەگەر لە کوردایەتیی سەر شاخ و دەرەوە زۆرتر نەبێ بە دڵنیاییەوە کەمتر

نییە. مرۆڤی زانا و ئازا و بە بیر و باوەڕ و بڕوا بە خۆی دەوی کە لە نێو جەرگی

دوژمنانی نەتەوەکەی
دا کوردایەتیی بکا. ئینسانی ژیر و لە سەرەخۆ و بوێری دەوێ

کە لە زاری ئەژدیها دا نەترسێ و قسەی دڵی خۆی بکا. دەماری بەهێزی دەوێ کە

بەرگەی ئەو هەمووە غەدر و ناعەداڵەتی و ناهەقیی و زوڵمە بگرێ کە داگیرکەری

دڵڕەق و نەزان لە خۆی و نەتەوەکەی دەکا و هاوکات بتوانێ بە بەڵگە و منتیق

پارێزگاری لە مافی  نەتەوەکەی بکات.

چەند حەوتوو لەمەوبەر وتارێکی مامۆستای هێژا دوکتور محەمەد ساڵح ئیبراهیمی،

ناسراو  بە شەپۆل، نووسەر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕی کوردم، خوێندەوە کە بە

فارسی و لە سەر زمانی کوردی نووسرابوو و لە وەڵامی ئەو فارسانە دا کە گوتبوویان

کوردی زاراوەیە و زمان نیە. ئەم وتارە لە نێو گۆڤارەکانی دانیشگاکانی تاران چاپ

و بڵاو کرابۆوە و وەڵامی ئەم فارسانەی دابۆوە کە گوتبوویان زبانی کوردی زبان نییە

و زاراوەیە.

مامۆستا شەپۆل پێیان دەڵێ زمانی کوردی جگە لەوەی کە زبانە هونەریشە. پێیان دەڵێ

زبانی کوردی مەزهەری شێعر و گۆرانی و مووزیکیشە و ئاوێتەی تەواو عەیاری

جوانییەکانی سروشتیشە.

بە دەیان بەڵگەی مێژوویی بۆ هێناونەوە بە سەرچاوەکانیانەوە کە لەگەڵ پەیدا بوونی

خەتی میخی زبانی کوردیش دەوری هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح پەیدا بووە و

قسەی پێ کراوە.

مامۆستا شەپۆل لە مەکتەبی شێخانی نەهری دا فیری کوردایەتیی ببوو، لە مەکتەبی

بنەماڵەیەک دا کە ئاتاتورک ٧٠ پیاوی ئەم خانەدانەی لە سەر شەقام و گۆڕەپانەکانی

کوردستان و لە بەر چاوی خەڵکی شار و گوندەکان لە سێدارە دان بەڵام هەموویان

بەدەنگی بەرز دروشمی بژی ئازادی و بژی سەربەخۆیی کوردستانیان دا و سەربەرزانە

گیانیان فیدای ئازادی و سەربەخۆیی خاک و نیشتمانەکەیان کرد.

دوکتور ساڵحی ئیبراهیمی هەم خۆی هەم بابی و هەم باپیری لەم مەکتەبە دا فیری

کوردایەتی ببوو و کۆچی دوایی ئەو خەسارێکە لە کوردایەتی و دڵنیام کاک ناسری

کوڕیشی هەر بەم  ڕێگەدا دەڕوا و سەرخۆشی لە ئەو و بنەماڵە بەڕێزەکەیان و هەموو

خەڵکی کوردستان  دەکەم و سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەم کوردە بوێر و ئازایانەی لەنێو

جەرگی داگیرکەرانی کوردستان دا کوردایەتی دەکەن و دەستخۆشی
و ماندوو

نەبوونیان لێ دەکەم. ڕووحی مامۆستا شەپۆل شاد و یادی بەخێر و ڕێگەی بەردەوام

بێت.


پۆڵا ـ  ستۆکهۆڵم  ـ  ٢٠١٨/٠٦/٠٣






page counter