ماڵپه‌ڕی دکتور ئیبراهیمی
محه‌‌مه‌د ساله‌ی ئیبراهیمی


دوکتۆر محهممە‌‌د ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە مامۆستا شه‌پۆل لە چواری جۆزەردانی ساڵی ٢٦٣٣ کوردی (1933/05/25)   لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروه‌ر وئایینیی له‌ دایک بووه‌، ناوی باپیری حاجی خەلیفە مەلا محەممەد ناسراوبە بەها عارف و خواناس و شاعیر و خەلیفەی ماڵباتی نەهری بووە، ناوی باوکیشی مەلا ئیبڕاهیم بووە کە لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بە خیرەد دەناسرا. مامۆستا شەپۆل دوای تەواوکردنی خوێندنی ئایینی لای چەندین مامۆستای بە ناوبانگی  سەردەمی خۆی لە لایەن مامۆستا مه‌لا حسێن مه‌جدی( وزیری دادی کۆماری کوردستان) ئیجازه‌ی ئیفتا وەردەگرێ و دەبێتە مەلای دوازدە عیلم و مامۆستا و وانەبێژی حوجرەکانی مەهابادو دەڤەری موکریان.  دوکتۆر ساڵح ئیبڕاهیمی بۆماوەی چەند ساڵ وتاربێژی خانەقای مەهاباد و ئەمینداری شێخ عەبدوڵلا گەیلانی زادە دەبێ له‌ هه‌مان کاتدا بۆته‌ موده‌ریس وده‌ڕس بیژی مزگه‌وتی سوور تاکو لە ساڵی 1961 دا، لە ڕێگەی تاقیکاری گشتیەوە لە زانکۆی تاران دەردەچێ و لە شەستەکان بڕوانامەی ماستەر لە بواری ئیلاهیات وەردەگرێ و دواتر بڕوانامەی دوکتۆرا لە بواری زمان و وێژەی عەڕەبی بەدەس دێنێ.

 مامۆستا شەپۆل لە سەردەمی پاشایەتی پەهلەویدا دەس دەکا بە نوسینی کتێب و وتار و دەق بۆ ڕادیۆ کوردی تاران و هەر لە سەردەمەی حەمە رەزا شا قوڕئانی پیرۆزی بۆ سەرزمانی کوردی وەرگێڕاوە  کە لەبەر قەدەغەبونی کتێبی کوردی لە سەردەمی حەمە رەزاشا کتێبەکانی چاپ نەبوو. له‌ ساڵی 1962 هاوکاری له‌گه‌ڵ رادیوی کوردی تاران ده‌ست پێ کردوه‌وه‌، گوتار و نوسراوه‌ی له‌ بابه‌ت کوڵتور و فه‌رهنگی کورده‌واری نوسیوه‌. له‌ ساڵی 1969 به‌ هاوکاری ماموستا جمیل روژبیانی، دوکتۆر سه‌دیقی موفتی زاده‌. ئه‌حمه‌دی موفتی زاده‌. سواره‌ ئیلخانی زاده‌، شیخکانلوو، محەممە‌دی غفاری کانونی زمانی کوردی له‌ تاران ساز کرد.

 لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979
, هەلی چاپ کردنی کتێبەکانی بۆ دەرەخسێ. دوکتۆر ئیبڕاهیمی یەکەم کەس بووە کە بە شێوەی فەرمی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی  79 لە ئێراندا، دەبێتە پێشەنگی ڕۆژنامەگەری کوردی و لە ساڵی  1981دا یەکەم ژومارەی گۆڤاری گرشەی کوردستان بڵاودەکاتەوە. مامۆستا شەپۆل کەسایەتیەکی چالاک بووە و هەوڵێکی زۆری داوە تا، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافەکانی شادبێ و چەندین جار لە هەشتاکانەوە تا ئێستا دوای مافەکانی گەلی کوردی لە کاربەدەستانی ئێران کردووە و لە سەر رێگەدان بە خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکاندا، سوربوونی خۆی دەربڕیوە. دوکتۆر ئیبڕاهیمی تا ئێستا نزیکەی چل کتێبی نوسیوە و دەیان وتاریی لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوبونەتەوە. لە بەنێوبانگترین بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژە بکەینە بە وەرگێڕانی قوڕئان بۆ سەر زمانی کوردی کە چەندین جار لە ئێران و باشوری کوردستان چاپ بووە و کتێبی زانایانی کورد کە لە چەندین بەرگ دا بڵاوبۆتەوە.

مامۆستا شەپۆل هەڵسوڕاوێکی ماندو
نەناسی کۆمەڵایەتیە و لە نەوەدەکاندا، دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر توانی لەگەڵ ژومارێک نوسەرو روناکبیری کورد ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری کوردیی لە شاری تاران دادەمەزرنێنێ
، هەروەها لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دێرینیی خۆی،
 کۆرێ کوردانی تارانیان دامەزراند.

دوکتۆر ئیبڕاهیمی بە دەیان ساڵ لە خوێندنگە و زانکۆکانی تاران مامۆستا بووە و تا ئێستا بە دەیان میدیای ئێرانی و کوردی و عەڕەبی وتووێژیان لەگەڵ ئەنجام داوە و بۆ دەیان کۆنگرە و سێمینار لە ئێران و باکور و باشوری کوردستان بانگهێشت کراوە و ڕێزی لێگیراوە.

دوکتۆر محەممەد ساڵح ئیبڕاهیمی بە کەسایەتیەکی زانا و نیشتمانپەروەر، ماندونەناس و تێکۆشەر، خاوەن هەڵوێست، قسە خۆش و ڕەزاسوک ، بێفیزو خاکەڕا، میوان خۆشەویست و بەدەهەند و دڵسۆزی خەڵک دەناسرێ.

page counter