ماڵه‌وه‌



پێشکەش بە ڕۆحی پاکی مامۆستا شەپۆل

 

تێنووس مات و پەرێشانە، قەلەم چاو سوور و پڕ ئەسرین

شەپۆلی مەعریفەت وا چوو، وەکو پائیز بە خۆڕ دەگرین

 

شەپۆلی دا شەپۆلی کورد، لە زریای عێلم و عیرفاندا

کە زریام بێ شەپۆل  ماوە، خەریکە وشک دەبێ بارین

 

هەموو کێڵگەی دڵی کوردان، گوڵی ژاکاوە گشت تێدا

هومێدی  چیت بە بارینە، کە ئێستا ئێمە بێ هەورین

 

ئەتۆش ئیدی وەکوو قازی، بۆ کوردان بوویتە شانازی

هەموو ڕێبواری ڕێگاتین، هەتا ڕۆژێ کە دێ دەمرین

 

هەژار و هێمنیش هاتوونە سەر گڵکۆت لە گەڵ ماملێ

یەکێ مێخەک لە دەستی بوو، یەکێ نەرکێس یەکێ نەسرین

 

لەگەڵ کۆچی تۆ کۆچی کرد، لە کوردستان بزە و خەندە

بزا خەمبارە وەک کەرکووک، چە ڕەشپۆشە وەکوو عەفرین

 

لە چووار سووچی وڵاتی من، خەم و فرمێسک و سێڵاوە

بدە سەبرێ خودا پێمان، کە بەرگەی ئەم خەمە بگرین

 

فەرید ـ ڕاژین (فەرید سەفاری)








page counter