.jpg)
کوردایەتیی کردنی بە فارسی کارێکی گەلێک گرینگ و پڕ بایەخە و بە هەمو کەس
ناکرێ. بارتەقای گرینگی ئەو کوردایەتییەی بە زمانی فارسی و لە نێو فارسەکان دا
دەکرێ ئەگەر لە کوردایەتیی سەر شاخ و دەرەوە زۆرتر نەبێ بە دڵنیاییەوە کەمتر
نییە. مرۆڤی زانا و ئازا و بە بیر و باوەڕ و بڕوا بە خۆی دەوی کە لە نێو جەرگی
دوژمنانی نەتەوەکەی دا کوردایەتیی بکا. ئینسانی ژیر و لە سەرەخۆ و بوێری دەوێ
کە لە زاری ئەژدیها دا نەترسێ و قسەی دڵی خۆی بکا. دەماری بەهێزی دەوێ کە
بەرگەی ئەو هەمووە غەدر و ناعەداڵەتی و ناهەقیی و زوڵمە بگرێ کە داگیرکەری
دڵڕەق و نەزان لە خۆی و نەتەوەکەی دەکا و هاوکات بتوانێ بە بەڵگە و منتیق
پارێزگاری لە مافی نەتەوەکەی بکات.
چەند حەوتوو لەمەوبەر وتارێکی مامۆستای هێژا دوکتور محەمەد ساڵح ئیبراهیمی،
ناسراو بە شەپۆل، نووسەر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕی کوردم، خوێندەوە کە بە
فارسی و لە سەر زمانی کوردی نووسرابوو و لە وەڵامی ئەو فارسانە دا کە گوتبوویان
کوردی زاراوەیە و زمان نیە. ئەم وتارە لە نێو گۆڤارەکانی دانیشگاکانی تاران چاپ
و بڵاو کرابۆوە و وەڵامی ئەم فارسانەی دابۆوە کە گوتبوویان زبانی کوردی زبان نییە
و زاراوەیە.
مامۆستا شەپۆل پێیان دەڵێ زمانی کوردی جگە لەوەی کە زبانە هونەریشە. پێیان دەڵێ
زبانی کوردی مەزهەری شێعر و گۆرانی و مووزیکیشە و ئاوێتەی تەواو عەیاری
جوانییەکانی سروشتیشە.
بە دەیان بەڵگەی مێژوویی بۆ هێناونەوە بە سەرچاوەکانیانەوە کە لەگەڵ پەیدا بوونی
خەتی میخی زبانی کوردیش دەوری هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح پەیدا بووە و
قسەی پێ کراوە.
مامۆستا شەپۆل لە مەکتەبی شێخانی نەهری دا فیری کوردایەتیی ببوو، لە مەکتەبی
بنەماڵەیەک دا کە ئاتاتورک ٧٠ پیاوی ئەم خانەدانەی لە سەر شەقام و گۆڕەپانەکانی
کوردستان و لە بەر چاوی خەڵکی شار و گوندەکان لە سێدارە دان بەڵام هەموویان
بەدەنگی بەرز دروشمی بژی ئازادی و بژی سەربەخۆیی کوردستانیان دا و سەربەرزانە
گیانیان فیدای ئازادی و سەربەخۆیی خاک و نیشتمانەکەیان کرد.
دوکتور ساڵحی ئیبراهیمی هەم خۆی هەم بابی و هەم باپیری لەم مەکتەبە دا فیری
کوردایەتی ببوو و کۆچی دوایی ئەو خەسارێکە لە کوردایەتی و دڵنیام کاک ناسری
کوڕیشی هەر بەم ڕێگەدا دەڕوا و سەرخۆشی لە ئەو و بنەماڵە بەڕێزەکەیان و هەموو
خەڵکی کوردستان دەکەم و سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەم کوردە بوێر و ئازایانەی لەنێو
جەرگی داگیرکەرانی کوردستان دا کوردایەتی دەکەن و دەستخۆشی و ماندوو
نەبوونیان لێ دەکەم. ڕووحی مامۆستا شەپۆل شاد و یادی بەخێر و ڕێگەی بەردەوام
بێت.
پۆڵا ـ ستۆکهۆڵم ـ ٢٠١٨/٠٦/٠٣